سەرۆکی سوریا ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا پاڵپشتی چارەسەری کێشەکانی نێوان کورد و دەسەڵاتی سوریایە" و دەشڵێت"گرژییەکانی ئێستای سوریا هۆکاری دەستتێوەردانی دەرەکییە".
ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا بە ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەزری ڕاگەیاند"بە پاڵپشتی ئەمریکا هەوڵ و ئامانجیان ئەوەیە کە جیاوازییەکانی نێوان کورد و دەسەڵاتی سوریا چارەسەر بکرێن".
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەش وتی"چەند لایەنێک لە کەناراوەکانەوە چونەتە وڵاتەکە و چەکدارانی عەلەویی لەلایەن هێزی دەرەکییەوە پاڵپشتی دەکرێن و ئەوان لە سەرەتاوە دەستیان بە شەڕ و ململانێ کردوە لەگەڵ چەکدارانی دەسەڵات و دۆخەکەش کۆنترۆڵکراوە و هەمو پێشلکارانی سەر بە لایەنە جیاوازەکانیش سزا دەدرێن".
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشدا" لەپاش دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی سوریا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نەبەستون و داوای کرد واشنتن سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگرێت."
لەبارەی ڕوسیاشەوە وتی" ئەگەرچی مۆسکۆ پاڵپشتییەکی زۆری ڕژێمی بەشار ئەسەدی کرد بەڵام ئێستا تەنانەت دو بنکەی سەربازییشی لە وڵاتەکەدا نییە".