ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دیاریکردنی رۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی دیاریکردنی رۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان تاوتوێ دەکات، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی مووچەخۆران باس ناکرێت. 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و تێیدا ژمارەیەک تەوەر تاوتوێ دەكەن. 

بەپێی زانیارییەکان، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی دوا کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ دەکرێت. 

لە بڕگەی دووەمدا دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژژمێری حکومەتی هەرێم تاوتوێدەکرێن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا دوو پێشنیازی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەخرێتەروو سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری ئەو كەمئەندامانەی پێش ساڵی ٢٠١٣ پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە، رازیبوونی سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان بۆ لێخۆشبوونی ١٠٠% یان ٥٠% قیستی ماوە بۆ سودمەندانی كۆچكردوو.

هەرچەندە لە ئێستادا لە ناوەڕاستی مانگی ئازار نزیکدەبینەوە، بەڵام تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیش هیچ کام لە تەوەرەکانی پرسی مووچەی تێیدا نییە. 



AM:09:20:12/03/2025