"تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا"

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێزەکانمان ئەو هێرشانەیان بەرپەرچ دایەوە و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایان لە میحوەرەکانی بەنداوی تیشرین و قەرقۆزاک و دێرحەفەر خستە خوارەوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بۆ سێهەمین مانگی لەسەریەک تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بەردەوامن لە هێرشە شەڕانگێزیەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک لەوانە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بەرەی بەنداوی تیشرین دوێنێ سێشەممە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بە تۆپخانەی قورس لادێکانی بەنداوەکە و گوندەکانی دەوروبەریان بۆردومانکرد، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیش چەندین هێرشیانکردە سەر گوندی خربەت ئەلزەمالە لە لادێکانی باکوری بەنداوەکە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە". 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" لە هەوڵێکی گروپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانمان، هێزەکانمان توانیان چوار کەسیان بخەنە خوارەوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە: 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، فڕۆکە داگیرکەرەکان هەڵکوتانە سەر بەنداوی تیشرین و دەوروبەری پردی قەرقۆزاک لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو هێرشانەیان بەرپەرچ دایەوە و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داگیرکەریان لە میحوەرەکانی بەنداوی تیشرین و قەرقۆزاک و دێرحەفەر خستە خوارەوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

بۆ سێهەمین مانگی لەسەریەک داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەردەوامن لە هێرشە شەڕانگێزیەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک لەوانە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس.

لە بەرەی بەنداوی تیشرین؛ دوێنێ سێشەممە، داگیرکەرانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بە تۆپخانەی قورس لادێکانی بەنداوەکە و گوندەکانی دەوروبەریان بۆردومان کرد، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیش چەندین هێرشیان کردە سەر گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە لادێکانی باکوری بەنداوەکە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

لە هەوڵێکی بەکرێگیراوانی داگیرکەر بۆ دەستپێکردنی هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانمان، هێزەکانمان توانیان ٤ کەسیان بخەنە خوارەوە.

لە میحوەری قەرقۆزاک، فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەر چەندین هێرشیان کردە سەر گوندی "غەسق" لە دەوروبەری پردی قەرقۆزاک و لە ئەنجامدا زیانی ماددیی لێکەوتەوە، داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی گوندەکانی "ئەلتینا، جەعدە، بیر حەسو، غەسق، دیکان، مەلها و ئەلسەنا"شیان بۆردومان کرد، هەروەها گردەکانی "سەیقۆفی و ئەلسەنا"یان بۆردومان کرد k"، بۆردومانکردنیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە زیاتر لە ٨٠ گوللە و زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی دانیشتووان گەیاندووە.

لە بەرامبەر هێرش و بۆردومانەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی؛ شەڕڤانانمان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە بنکەکانی داگیرکەری تورکیایان لە دەوروبەری پردەکە کردە ئامانج و زرێپۆشێکی BRDEM و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند کە بۆ گواستنەوەی سەرباز بەکارهاتبوو. هەروەها ئۆپەراسیۆنی دووەمیان ئەنجامدا کە بنکەیەکی دیکەی داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج لەسەر میحوەری ڕۆژئاوای پردەکە پشتڕاستکرایەوە کە 4 سەربازی داگیرکەر برینداربوون و دوو سیستەمی ڕادار لە بنکەکە تێکشکێندران.

لە میحوەری دێرحەفەر، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داگیرکاری بە درێژایی دوێنێ بەردەوام بوون لە فڕین بەسەر ناوچەکەدا.



PM:12:30:12/03/2025