وتەبێژی حکومەتی هەرێم زانیاری نوێی لەبارەی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆران ڕاگەیاند و دەڵێت" هەوڵدەدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەشبکرێت".
پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە" مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد وەزارەتەکانیان لیستی مووچەی مانگی (سێ) بەپەلە ئامادە بکەن و بۆ بەغدای بنێرن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها داواشکراوە لە ڕۆژانی پشوودا دەوام بکەن، بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەشبکرێت.
هەر ئەمڕۆ بڕی ٩٥٨ ملیار و ٩٢٥ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار و ٧٨ دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، سبەی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و لە چەند رۆژێکدا مووچەی سەرجەم موچەخۆران دابەشدەکرێت.