چارەسەری کێشەی خانەنشینان و پرسی هاوتاکردنی مووچەکانیان بەردەوامە و پێدەچێت بەشێک لە خانەنشینان لەمەبەدوا لەگەڵ خانەنشین بوونیان بەسەر یەکەوە ١٨ موچە وەربگرن.
ئەندامێکی شاندی دارایی هەرێم لە بەغدا ئاشکرایدەکات: ئەو شاندەی ماوەی دوو هەفتەیە لە بەغدادە کراون بە دوو لیژنە، یەکێکیان تایبەتە بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەوی دیکەیان تایبەتە بە کێشەی خانەنشینان و هاوتاکردنی مووچەکانیان.
هەروەها دەڵێت "یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کە کۆنوسێک هەیە و هەردوولا لەسەری رێککەوتون، ئەویش گەڕاندنەوەی ٣%ـی مووچەی بەشێک لە خانەنشینانە بۆ حکومەت، ئەویش ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠٢٤ خانەشنین بوون”.
کێشەکە ئەوەیە کە لە رابردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧%ـی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی بۆ سندووقی خانەنشینی بڕیوە، لەکاتێکدا لە عێراق ئەو بڕە ١٠% بوە، بۆیە دەبێت ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٤ خانەنشین بوون مانگانە ٣%ـی مووچەکانیان بدەنەوە بە حکومەت کە بەمجۆرە دەکات:
ئەگەر خانەنشینێک مووچەکەی بڕی ٥٠٠ هەزار دینار بێت، بە لێبڕینی ٣% مانگی ١٥ هەزار لە مووچەکەی دەبڕدرێت و ئەمەش لە ساڵەکەدا دەکاتە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار دینار کە پێویستە ئەو خانەنشینە بیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت؟.
بەشێکی دیکە لەو زانیارییانەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاشکرایکردووە ئەوەیە کە بۆ لەمەودوا، ئیکرامی خانەنشینان بۆ ئەو کەسانەی لە بەرواری ٣١/١٢/٢٠٢٤ لەکارترازانی بۆ کرابێت بەمشێوەیە مووچە وەردەگرێت:
موالیدەکانی (١٩٦٢- ١٩٦٣– ١٩٦٤) ١٢ مانگ بە تێکڕا مووچە وەردەگرن و شەش مانگیش بە مووچەی بنەڕەتی بۆیان دەکرێت کە بەمشێوەیە دەبێت:
ئەگەر کەسێک ٥٩٩ هەزار مووچەی بنەڕەتی هەبێت بۆ شەش مانگەکە سێ ملیۆن و ٥٩٤ هەزار دینار وەردەرگرێت و ١٢ مانگیشی لێکدانی تێکڕای مووچەکەی دەکرێت ئەگەر کەسەکە ٩٩٦ هەزاری هەبێت لێکدانی ١٢ مانگ دەکرێت و دەکاتە ١١ ملیۆن و ٩٥٢ هەزار، واتا لەمەودوا هەر خانەنشینێک ١٨ مووچە وەردەگرێت لەجێی شەش مووچە.
واتا لەمەودوا خانەنشینان ئیکرامییەکەیان لەجێی ئەوەی شەش مانگ و مووچەی بنەڕەتی بێت، شەش مانگی بنەڕەتی و ١٢ی تێکڕای مووچە دەبێت، واتا ١٨ مووچە وەردەگرێت.