مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەختیان لەوە کردەوە،" پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت".
بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە" ڕۆژی چوار شەممە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٥، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا".
ئاماژەی بەوەش کردووە " لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەزڵوم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ بارزانی شی کردەوە."
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، " هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت".