سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا خرانە خوارەوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات - ھەسەدە ڕایدەگەیەنێت" هێرشی توركیا و گروپە چەکدارەکانی بەردەوامە و هێزەكانمان توانیویانە لە بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بخەنە خوارەوە". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە هێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوكردەوە" توركیا و گروپە چەکدارەکانی بەردەوامن لە هێرشە دڕاندانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێشێلكردنی سەرجەم پەیماننامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها هەموو جۆرە چەكێكی قورس بەكاردەهێنن". 

دەشڵێن" دوێنێ لە بەرەی بەنداوی تشرین؛ دەوڵەتی توركیا و چەتەكانی بە تۆپی قورس گوندەكانی دەوروبەری بەنداوەكەیان بۆردوومان كرد، هاوكات فڕۆكە سەربازییەكان چەندین هێرشیانكردە سەر گوندی خربەت زەمالا لە گوندەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێكەوتەوە". 

هەروەها هاتووە" لە هەوڵێكی گروپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەمان، شەڕڤانانمان توانیان سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بخەنە خوارەوە". 

ئەوەش هاتووە" هەر دوێنێ لە میحوەری قەرەقۆزاق، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەندین هێرشیانكردە سەر گوندی غەساق و لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق، دواتریش دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، بە تۆپ و تانك و مووشەك هاوێژەكانی و گولـلە هاوەن گوندەكانی تینە، جەدە، بیر حەسو، دێكان، مەلحەیشیان بۆردومانكرد، هەروەها گردی سەیفی و قەرا قۆزاقیانیش بوردوومانكرد، هێرشەكە هەڕەمەكی بوو و بە زیاتر لە ٥٠ گوللـە هاوەن ئەنجامدرا، زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتییان كەوت". 



PM:06:30:13/03/2025