بەرپرسێکی دیاری پارتی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند

بەرپرسێکی دیاری پارتی دەستەکارکێشانەوەی خۆی لە حیزبەکەی رادەگەیەنێت و دەڵێت" قوربانی گەورەم داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دزی و گەندەڵی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئازار ئاسۆ حاجی رۆژنامەنووس و ئەندامی مەكتەی ناوەندی سەربە مەكتەبی سیاسی پارتی لە پەیامێکدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند.

ئاسۆ حاجی لە پەیامەکەیدا دەڵێت" قوربانی گەورەم داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دزی و گەندەڵی بە ناوی یەزدانی پاک لێرەوە دەست لە کارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ئەندامی مەکتەبی ناوەندی سەر بە مەکتەبی سیاسی، هەروەها ڕاوێژکاری دەزگای سەتەلایەتی کوردستان (تۆڕی میدیایی کوردستان) ڕادەگەیەنم".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات"دوای سی و سێ ساڵ لە کاری میدیایی کە بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و لە خۆبردووییەوە کارەکانم ئەنجام داوە، بۆ یەک چرکەش خیانەتم لە کار و ئەرکی خۆم نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆرجاران قوربانی گەورەم داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دزی و گەندەڵی".

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاسۆ حاجی رایگەیاندووە"لە ڕۆژانی داهاتوو لە ڕێی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییەوە یان نامەیەکی کراوە هۆکارەکەی ڕادەگەیەنم".






PM:10:51:13/03/2025