هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت"تورکیا بە درێژایی مێژو نەیتوانیوە ئیرادەی کورد تێکبشکێنێت"، دەشڵێت"گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیای ناچار کرد دەست بۆ چارەسەریی پرسی کورد ببات. "
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە میانی بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی دا ڕایگەیاند"تورکیا لە ڕابردودا لای وابو بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان و قڕکردنی کورد، دەتوانێت ئیرادەی کورد تێکبشکێنێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بەردەوام بو، بەڵام خواستەکانی بەدی نەهات."
وتیشی"گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی داوە، خواستەکانی تورکیا و ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت، ئێستا ئەو دو دوڵەتە ڕۆڵی جارانیان نەماوە، زیادبونی هەژمونی ئیسرائیلیش لە ناوچەکەدا گورزێکی گەورەی لەو دو دەوڵەتە داوە".
جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش داوە"گۆڕانکارییەکان ترسییان لە دڵی تورکیادا دروستکردوە لەوەی کە کورد دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت، ئەوەش بوە هۆی دەستپیشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ چارەسەریی پرسی کورد و هەوڵەکانی داننان بە بونی کورد."
هاوسەرۆکی کەجەکە وتیشی" تەنها لاوازەکان، دژایەتی خەباتی قەندیل دەکەن و باس لەوە دەکەن کە پەکەکە خۆی ڕادەست دەکات، بەڵام پەکەکە هەر جۆرێک لە تێکۆشان بکات، بیروباوەڕەکانی نەگۆڕە و بەردەوام دەبن لە خەبات".