ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە كوژرانی سەركردەیەكی باڵای "داعش" لە عێراق وەڵامی محەمەد شیاع سودانی دەداتەوە و دەڵێت" هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایش نەركردووە لەو ئۆپراسیۆنەدا".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،" دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدڕاڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی (عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی) ناسراو بە (ئەبوو خەدیجە) لە چالاکییەکدا کوژرا".
ڕاشیگەیاندووە" ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا. بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدڕاڵ".
جەختیشی كردۆتەوە، دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق.