وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ئاگادارییەک بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی بڵاودەکاتەوە ودەلێت" کارەبای نیشتمانی لە رۆژی شەممەوە تا سێشەممە بەردەوام کارا دەبێت".
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە" وەزارەتی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی لە سەنتەری شاری سلێمانی هەڵدەستێت بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سبەینێ شەممە ١٥ی ئازاری٢٠٢٥ کاتژمێر ١ تاقیکردنەوەکە دەستپێدەکات تا رۆژی سێشەممە ١٨ی ئازار بەردەوام دەبێت و لەم نێوەدا کارەبای نیشتیمانی بەردەوام کارا دەبێت."
دەشڵێت" ئەم تاقیکردنەوەیە ڕێکارێکی ڕۆتینیە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجام دەدرێت لەلایەن وەزارەتی کارەبا، بە ئامانجی دۆزینەوە و دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا. جێگەی ئاماژەیە ئەم تاقیکردنەوەیە هەموو گەڕەکەکانی ناوشار ناگرێتەوەو سنوردارە لە چەند شوێنێکی دەست نیشانکراو".
ئاشکراشی دەکات کە بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی کارەبا هاوڵاتیان پێشوەختە ئاگادار دەکاتەوە لە ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.