پەروین بوڵدان: دوای جەژن لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێنەوە

ئاشکرادەکرێت کە دوای جەژن شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان کۆدەبنەوە و ئەندامێکی شاندی ئیمرالی دەڵێت" بۆ ئەوەی پرۆسەکە باشتر بەڕێوەبچێت، دەبێت چاکسازیی یاسایی لەبارەی زیندانییانی گرتووخانەکان بگیرێتەبەر".

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، رایگەیاند''راستەوخۆ دوای جەژن لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆدەبینەوە''.
  
بوڵدان وتیشی''بەڕێز سەرۆک کۆمار بە بەڕێز سری سورەیای وتووە، ئەگەر کۆبوونەوەکە بخەینە دوای جەژن باشتر دەبێت''.
 
بوڵدان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری باسی لەوە کرد، چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریین لە حکومەتی تورکیا  راشیگەیاند ''ئاشتی شتێک نییە لە چەند رۆژێکدا بێتە دی، لە دۆخێکداین پێویستمان بە چاوەڕوانی و ئارامگرتنە، بێگومان هەموومان چاوەڕێی هەنگاوی کردارین و بۆ ئەمە پشووکورتین، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین''.
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت" بۆ ئەوەی پرۆسەکە باشتر بەڕێوەبچێت، دەبێت چاکسازیی یاسایی لەبارەی زیندانییانی گرتووخانەکان بگیرێتەبەر، بۆ نموونە، ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت''.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانیش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و رۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی هەبێت.




AM:11:12:15/03/2025