ورمێ.. دوو بەندکراوی ژن بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترانەوە

دوو بەندکراوی ژن کە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگیراون بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترانەوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٥ی ئازاری ٢٠٢٥ موژگان ئازەرپیشە، بەندکراوی خەڵکی ورمێ و کەوسەر باقر نەژاد، بەندکراوی خەڵکی نەغەدە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواستراونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئازار سزای لە سێدارەدانی موژگان ئازەرپیشە و کەوسەر باقر نەژاد جێبەجێبکرێت.

موژگان ئازەرپیشە و کەوسەر باقر نەژاد سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و لە دوو دۆسیەی جیاجیادا هەردووکیان دەستگیرکران و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.



AM:12:12:16/03/2025