ئەمڕۆ یادی ٣٧ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، کە تاوەکوو ئێستاش شوێنەواری ئەو غازە کوشندانەی دژ بە خەڵکی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەکار هێنران، هەر بەسەر جەستەی خەڵکەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووانیش ساڕێژ نەبووە و بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن.
لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، لە ١٦/٣/١٩٨٨شاری هەڵەبجە كەوتە بەر دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی، ڕژێمی عێراق بە چەند غازێکی ژەهراوی شارەکەی كیمیاباران کرد لەوانە (خەردەل، سیانید، سارین، تابون).
کیمیابارانی هەڵەبجە تەنیا کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی شارەکەی لێ نەکەوتەوە، بەڵکوو ١٤٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان کەسیش لە خێزانەکانیان دابڕاون و تاوەکوو ئێستاش نەدۆزراونەتەوە.
ڕژێمی بەعس شاری هەڵەبجە و شارەدێکانی (سیروان، خورماڵ، بیارە، سەیدسادق) بە تەواوتی وێران كرد و دانیشتوانی ناوچەكانی ڕاگواست و سەرجەم شارەدێی و گوندەكانی خاپوور كرد، بە تەنیا لە هەڵەبجە نزیکەی ٢٥ هەزار خانوو وێران و تەخت کران.
ئەو کەسانەی دوای هێرشی کیمیایی بەرەو ئێران هەڵهاتبوون، لە کاتی گەڕانەوەیاندا دەستگیر و تووشی ئەشکەنجەدان بوونەوە، بەشێکیان بۆ زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان گوازرانەوە.
تاوەکوو ئێستاش بە دەیان بەرکەوتووی کیمیایی برینەکانیان چارە نەبووە و هەندێکیان بەردەوام داو و دەرمان بەکاردەهێنن و لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.
ئەمڕۆ کە لە ٣٧ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە تاراوگە، بە بێدەنگی وەستان بۆ ساتێک و بە چەندین چالاکی سەری ڕێز بۆ گیانی قوربانیان دادەنەوێنن.