بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتە بودجە و شایستەی دارایی پێویست بۆ هەڵەبجە دابینبکات

سەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی ٣٧ی ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەڵێت" دەبمە پارێزەری ڕاستەقینەی داواکارییەکانی هەڵەبجە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتکردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەکە بکاتە ئەولەویەتی کارکردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابینبکات".

ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابرانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هەمیشە دەست لەسەر سنگ، هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی. هەڵەبجە بۆ ئێمە هێمای قوربانی و مەزڵومیەتی گەلەکەمانە، دوای ٣٧ ساڵ لە جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو، تاوەکو ئێستا ئاسەوار و کاریگەرییە خراپەکانی بەسەر خەڵک و خاکی شارەکەوە ماوە".

وتیشی" ئێمە لە ئازاری کەسوکارەکانمان، داواکاری و خواستەکانیان لە هەڵەبجەی سەربەرز تێدەگەین، بۆیە لەگەڵ هەموو گلەیی و پێویستییەکانیاندام و لە پێشەوەی بەرگری لە مافەکانتان و پارێزەری راستەقینەشتان دەبم بۆ هێنانەدییان".

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە لە رێگای نوێنەرەکانی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و یاسادانان وەک هەمیشە بێ درێغیکردن بۆ پرسی هەڵەبجە کاردەکات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبین تا خزمەتی شاری شەهیدان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بکەین، ئەمەش ئەرکە لەسەرشانی هەموو یەکێتییەک کە خزمەتکاری هەڵەبجە بێت".

سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند" ئیتر کاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەک دەست هەموومان بە پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکە".

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتووە" ئەرکی حکومەتیشە خزمەتکردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەکە بکاتە ئەولەویەتی کارکردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابینبکات کە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت".



AM:09:58:16/03/2025