ئازادکردنی شێروان شێروانی رەتکرایەوە

بە وتەی پارێزەری شێروان شێروانی دادگا بڕیاری ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسەی رەتکردەوە.

رۆژی یەکشەممە ١٦ی ئازاری ٢٠٢٥، دادگای هەولێر داواکاری پارێزەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ڕەتکردەوە، بە ئازادکردنی بە مەرجی ناوبراو و تا ٩ی ئەیلوول، دەبێت شێروان شێروانی لە زیندان بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوێتی "جارێکی تر ستەم کردن لە شێروان شێروانی کراو دادوەر بریاریدا بە رەتکردنەوەی داواکاری بریکاردارم رۆژنامەنووس شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی بە ئازادبوونی بە مەرج، کە بەداخەوە بریارێکی چاوەڕوان نەکراو بوو".

ئێوارەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ شێروانی دەستگیرکرا، دواتر لەڕۆژی ١٦ی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ دادگای تاوانەکانی هەولێر بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەك لە شیروان شێروانی، ئەیاز ئەکرەم، گوهدار زیباری، هاریوان عیسا و شڤان سەعید سەپاند.

لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـشدا بە فەرمانێكی هەرێمی لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سزای شیروان شێروانی بە ڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمکرایەوە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی جەند دۆسیەیەکی دیکەوە ڕیگری لێکراوە ئازاد بکریت. 

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێکخراوەکانی بواری ئازادی بیرورا و کۆمەڵگای مەدەنی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دادگاییکردنی شێروان شێروانی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو دادگاییکردنێکی سیاسی بووە.




AM:11:44:16/03/2025