لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردودا زیاتر لە ٤٠ کرێکار لەکاتی کارکردندا ر گیانیان لەدەستداوە، لەئێرانیش لەماوەی شەش مانگدا زیاتر لە هەزار کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادی کرماشان ڕایگەیاند، لە ماوەی ١١ مانگی رابردو ٤٣ کرێکار لە پارێزگاکە لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە کەیەکێکیان ژن بوە، ٦٨٢ کرێکاریش برینداربون.
بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی کرماشان، لەوژمارە کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە ٢٧ یان بەهۆی کەوتنە خوارەوە و شەش کرێکاریشیان بەهۆی بەرکەوتنی تەزوی کارەبا و ٢ کرێکاریش بەهۆی سوتان گیانیان لەدەستداوە، ئەوانەی دیکەش بەهۆکاری جیاجیا گیانیان لە دەستداوە.
هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئێرانیش لە ماوەی شەش مانگی رابردو لەسەر ئاستی ئێران هەزار و ٧٧ کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە .