لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت" دەبێت چیتر ململانێ سیاسیەکان تێکەڵ بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت" دەشڵێت"نابێت حکومەت لەسەر بنەمای دابەشبوونی دوو زۆنی و دوو حزبی پێکبهێنرێت".
ئەمڕۆ یەلشەممە ١٦ ئازار لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ ئەندرو بیزلی كونسوڵی گشتیی بریتانیا له ههرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە".
لاهور شێخ جەنگی لە بەشێکی راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت" لەگەڵ كونسوڵی گشتیی بریتانیا گفتوگۆمانکرد دەربارەی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسی گۆڕانكاریهكانی ناوچەکە و مەسەلەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".
دەشڵێت" لە کۆبوونەوەکەدا جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی گۆڕانکاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایەی کە پایەکانی حکومڕانی بەهێز بکرێت و دەستی دەرەکی دوربخرێتەوە کە بۆتە رێگر لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەکردنی وڵات".
باسی لەوەش کردوە" چیتر ململانێ سیاسیەکان تێکەڵ بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت، هەرێم و بەغداش بیر لە چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکەنەوە کە ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتیان باجەکەی دەدەن".
لاهور شێخ جەنگی لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە لەوەی" دەبێت حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت کە رەنگدانەوەی خواست و داواکارییەکانی خەڵک بێت، نەک لەسەر بنەمای دابەشبوونی دوو زۆنی و دوو حزبی پێکبهێنرێت".