ئێران: دوای وردبینیكردنی تەواوتی وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ دەدەینەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی هەڵکوتانە سەر حوسییەکانی یەمەن دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیامی سەرۆک کۆماری ئەمریکا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ لێدوانەکانیدا نییە، و دەڵێت" تاران دوای وردبینیكردنی تەواوتی، وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە".

رۆژی دووشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٥ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" تاران دوای وردبینیكردنی تەواوتی، وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و بەنیازیش نیین ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ لە میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە".

ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوەكرد، پەیامەکەی ترەمپ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ لێدوانەکانیدا و ئەوەی لە میدیاکانیشدا بڵاوکراوەتەوە، تەنها لێكدانەوەیەو هیچ بنەمایەكی وردی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی تاران بۆ ئەو نامەیە لەڕێی کەناڵە گونجاوەکانەوە دەبێت دوای تەواوکردنی پرۆسەی پێداچوونەوە.

لەبارەی هەڕەشەكانی ئەمریكاشەوە، بەقایی وتی" ئێمە بە توندی و بە هەموو هێزمانەوە وەڵامی هەر دوژمنكارییەك دەدەینەوە کە یەکپارچەیی خاکەکەمان، ئاسایشمان، یان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بکاتە ئامانج، هیچ گومانێك لەوەدا نییە".

لە کۆتایدا دەڵێت "ئێمە بە توندی و بە هەموو هێزمانەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە کە یەکپارچەیی خاکەکەمان، ئاسایشمان، یان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بکاتە ئامانج. هیچ گومان لەوەدا نییە".




PM:12:00:17/03/2025