قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی فەخری یانەی وەرزشی سلێمانی دەستنیشانکرا.
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند" مێژووی وەرزش لە سلێمانی بە یانەی وەرزشی سلێمانییەوە گرێ دراوە و چەندین نەوەی خەڵکی سلێمانی بیرەوەرییان لەگەڵ ئەم یانەیەدا هەیە، یانەی سلێمانی یانەی دایکە و دەبێت لەم قۆناغەدا شوێن و پێگەی شیاوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە".
تاڵەبانی دەشڵێت" لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە کۆبوومەوە، گفتوگۆی تێروتەسەلمان کرد لەبارەی چۆنییەتی بوژانەوە و گەشەپێدانی یانەکە کە لە ئێستادا خاوەنی چەندین تیپە لە بوارە جیاوازە وەرزشییەکاندا".
"بە شانازییەوە بەندەیان وەک سەرۆکی فەخری یانەکە دەستنیشانکرد و بڕیارماندا لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتوی یانەکە ئامادە بکرێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەکمانەوە یانەی سلێمانی بگەیەنینەوە ئەو ئاستەی کە شایستەی ناوبانگ و مێژووە پڕشنگدارەکەیەتی". (قوباد تاڵەبانی وادەڵێت)
لاهور جەنگی ئامۆزاشیان کە نزیکی چوار ساڵە ناکۆکی کەوتۆتە نێوانیان، سەرۆکی خاوەنی یانەی نەورۆزە و بەمەش ناکۆکییەکان دەگوێزرێتەوە بۆ کایەی وەرزشی تۆپی پێ لە نێوان ئامۆزاکاندا.