خۆسەری ڕۆژئاوا لەبارەی ڕووداوەکەی کۆبانێ داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات

ئیدارەی خۆسەر ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەی تورکیا دەکات لە لادێکانی کۆبانێ کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نۆ ئەندامی خێزانێک، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ڕووداوە دەکات. 

ئەمڕۆ دووشەوممە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتە دوژمنکارانە و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دژی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات، بەبێ گوێدانە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ئیلاهییەکان". 

دەشڵێت" شەوی ڕابردوو، لە درێژەی ئەو سیاسەتە تاوانکاریانە، تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە دژی خەڵکی گوندی بەرخ بۆتان لە لادێی باشووری کۆبانێ ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، جگە لە بریندارکردنی کەسانی دیکە". 

خۆسەری ڕۆژئاوا ڕاشیگەیاندووە" ڕەنگە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هانی تورکیا بدات بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگی زیاتر لە ناوچەکەدا". 

هەروەها هاتووە" ئێمە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە ناوچەکانمان و گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، لەگەڵ هەموو دامودەزگاکانی، هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەم کۆمەڵکوژییانە ڕوون بکەنەوە و بێدەنگی خۆیان بشکێنن ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم گەلە منداڵەکانی خۆیان کردۆتە قوربانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تیرۆرە جیهانییەی کە داعش نوێنەرایەتی دەکات هەموو جیهان". 

داواش دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم بابەتە بکرێتەوە و فایلەکانی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییانەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی داوە، ئاراستەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.



PM:03:35:17/03/2025