چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەداران ئەمڕۆ دووشەممە نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کوردی ئێران دەربڕی کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە دەستگیرکراوە.
بەپێی بەیاننامەیەک کە واژووی (٢٤٧) چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەرە، وەریشە مورادی کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە دەستگیرکراوە" ئێستا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵا پەسەند بکرێت و لە هەر ساتێکدا جێبەجێبکرێت".
دەشڵێن" وەریشە مورادی پێنج مانگ لە زیندانی تاکە کەسیدا بەسەر بردووە، لەوێدا فشاری دەروونی و جەستەیی لەسەر بووە، دوای ئەوە لەلایەن دادوەر ئەبولغاسم سەڵاواتییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە خۆی یان پارێزەرەکەی بدرێت بەرگری لە خۆی بکات".
هەر لە بەیاننامەکەدا چالاکوانان جەختیان لەوە کردەوە کە" وەریشە مورادی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەهێزکردن و هۆشیارکردنەوەی ژنان لە ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سوریا لە ڕێگەی بوونی خۆی لەوێ، هەر بۆیە ئەم حوکمە تەنها دژی وەریشە مورادی نییە، بەڵکو دژی هەموو ژنانی ئێرانە".
لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی سێدارەیان کرد، بەتایبەتی ئەو حوکمەی کە لە دژی سێ ژنی زیندانیکراوی کورد وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی دەرکراون.
وریشە مورادی لە ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
وەریشە بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ە، لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەندیخانەی (ئێڤین) زیندانیکراوە.