ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لەبارەی هێرشەکەی کۆبانێ دەکات و دەڵێت"بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروستدەکات".
ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئازار ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ، لە راگەیێندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتەکەی، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باشووری شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانی کرد و داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن و بکەرانیان ئاشکرا بکەن.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی نووسیویەتی: "لەکاتێکدا لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتیی شام (دیمەشق) رێککەوتن واژۆ کراوە و بڕیاری فەرمی دژی هەموو جۆرە هێرشێک دراوە، ئەم رووداوە رێکەوت نییە. بەڵکو کردەیەکی بە ئەنقەستە کە گرژیی ناوچەکە زیاتر دەکات".
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە دەڵێت: ''هێرشەکە مافی ژیانی سڤیلەکان لە ناوچەکە پێشێل دەکات و بە ئاشکرا یاسا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پێ. بەئامانجگرتنی منداڵان، ژنان و خێزانە بێتاوانەکان، نیشانەی هزرێکی نامرۆڤانەیە''.
دەم پارتی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروستدەکەن و دەڵێت: ''ئەمە تەنیا هێرشێک نییە، بەڵکو پەیامێکی روونە بۆ لەناوبردنی ئومێدی ئاشتی." داوا لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەکات، دەستبەجێ روونکردنەوە بدات.