وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات شاندی دانووستانكار زۆرینەی ئەو جیاوازیانەی هەبوون لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، نەیهێشتووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند"بەگوێرەی لێكتێگەیشتنەكان، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، دەسەڵاتی لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، پارتی و یەكێتی دەرگایان كراوەیە بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە بیانەوێت بەشداریی كابینەی نوێی حكوومەت بكەن، بەڵام لایەنەكان خۆیان بەشداریی ناكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد"مەرجی پارتی یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگەیە، یەكێتیش پێی وایە هەرسێ ئەو مەرجەی پارتی گرنگن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام بە مەرجی یەكێتیش شەراكەتی ڕاستەقینەیە".
وتیشی" هەردوولا گەیشتوونەتە ئەنجامی باش، ئەو ئەنجامە باشانەش بەرەو ڕووی شاندی دانووستنكاری هەردوولا دەكرێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتوو لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینە سوودی لێوەرگرن و هیچ كۆسپێك لەبەردەم دروستكردنی كابینە نەمێنێت".