نرخی زێر لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ دوەمجار ئاستی مێژویی تۆمار کرد

نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ دوەم جار ئاستی نوێی مێژویی تۆمارکرد، ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا یەک ئۆنسەی بەخێرایی ٣٠١٠ دۆلاری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکان نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی زیاتر لە ٠.٢٪ بەرزبووەوە و بە ٣٠١١ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتودا بە ڕێژەی ٠.٤٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ٣٠١٧.٢٠دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە زێڕ بۆ یەکەمجار لە ڕۆژی هەینیدا بۆ سەروی ٣ هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبووەوە.

ئێدوارد مێیر، شرۆڤەکاری  کۆمپانیای مارێکس دەڵێت"زێڕ بەهۆی لاوازبوونی دۆلار و بەردەوامی نادڵنیایی گومرگیەکانەوە بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە ".

زێڕ لەمساڵدا تا ئێستا زیاتر لە ١٤% بەرزبووەتەوە، لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە مانگی یەکدا، زێڕ ١٤ جار بەرزترین ئاستی تۆمارکردوە، چونکە گرژییە بازرگانییەکان خواستی لەسەر پەناگە ئارامەکان بەرزکردوەتەوە.




AM:10:28:18/03/2025