حەوت ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تێپەڕدەبێت لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانییەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییش دەڵێت"تورکیا تا ئێستاش بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی".
ئەمڕۆ ١٨ی ئازار حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، کە لە ٢٠ی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠١٨دا بەبەکارهێنانی فڕۆکە و تانک و ئامێری پێشکەوتوی سەربازیی دەستیان بە هێرش و پەلامارەکانیان کرد بۆسەر ناوچەکە.
پاش ٥٨ ڕۆژ لە بەرگریکردنی سەڕڤانان و خەڵکی ناوچەکە لە ١٨ی ئازاردا عەفرین لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا و زۆرینەی خەڵکەکەشی ئاوارەبون.
بەپێی ئامارەکان لەو کاتەوە زیاتر لە هەزار کەس لە عەفرین شەهیدبون و نزیکەی ١٠ هەزار کەسیش ڕفێنراون.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش لەو یادەدا ڕایگەیاند"تورکیا بەردەوامە لە هێرش و داگیراکارییەکانی و پاش ڕوخانی ڕژێمی سوریاش، دوبارە خەڵکی عەفرین لە شەهبا و تەلڕەفعەت ئاوارەبون".
ئیدارەی خۆبەریوەبەری، داوای هاوکاریی دەسەڵاتی ڕاگوزەری سوریا و دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ فشارکردن لە تورکیا و گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان.