سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکوک ئەمڕۆ سێشەممە وردەکاری و ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کرد کە هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی قۆریەی لە سەنتەری پارێزگاکە داوە کە لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا و هێرشبەرەکەش برینداربووە.
ئەو سەرچاوەیە، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" هێرشبەرەکە چووەتە ماڵێکی تەنیشت بنکەی پۆلیس و لە دەرگاکەی داوە، داوای چوونە ژوورەوەی کردووە، بەڵام خاوەن ماڵەکە ڕەتیکردووەتەوە دەرگاکە بکاتەوە، ئەمەش وای لێکردووە بەرد فڕێ بداتە ماڵەکە، دوابەدوای ئەم هێرشە، خاوەن ماڵەکە پۆلیسی قورییەی لە ڕووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە، پێیوابوو کەسەکە تووشی نەخۆشی تێکچوونی دەروونی بووە".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتی" پۆلیس ئەندامێکی ستافەکەی ناردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکات، بەڵام هێرشبەرەکە ڕەتیکردەوە پابەند بێت بە فەرمانەکانەوە، لەو ماوەیەدا ئەفسەری پۆلیسەکە وایزانی هێرشبەرەکە تووشی کێشەی دەروونی بووە، بۆیە هەوڵیدا بە بێ توندوتیژی هێوری بکاتەوە و ڕایبکێشێتە بنکەکە، بەڵام هێرشبەرەکە چەقۆیەکی دەرهێناوە و بە چەقۆ پۆلیسەکە دەکوژێت".
دەشڵێت" هێرشبەرەکە هەوڵی دزەکردنی داوە بۆ ناو بنکەی پۆلیس، بەڵام کارمەندانی ئەمنی وەڵامیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا برینداربوونی خۆی لێکەوتووەتەوە".
سەرچاوە ئەمنییەکە ڕاشیگەیاندووە" بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسە تەمەنی نزیکەی ٤٠ ساڵە، بەپێی بەڵگەنامە کەسییەکان کە لەبەردەستیدا دۆزراونەتەوە، دوای پشکنینی ناوەکەی دەرکەوت کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە دۆسیەیەکدا داواکراوە، هەروەها دەرکەوت خەڵکی کەرکوک نییە، بەڵکو خەڵکی پارێزگایەکی ترە".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا نازانرێت بۆچی هاتۆتە کەرکوک، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکە.