فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لایەنە کوردییەکانی پەیەدە و ئەنەکەسە لە شاری حەسەکە کۆبوونەوە و پلانێکی هاوبەشیان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی کورد داڕشتووە".
مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی" ئەمڕۆ هەردوو پارتی کوردی، پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەش و گەیشتن بە یەکگرتووی کورد لە قۆناغی ئێستادا کۆبوونەتەوە".
عەبدی دەشڵێت" هەڵوێست و دیدگاکانی هەردوولا ئەرێنی بوون و سەرچاوەی ئاسوودەیی بوون".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە یەکێتی کورد و بنیاتنانی سوریایەکی هەمەچەشن و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات.
عەبدی ئیرادەی لایەنەکانی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگەکە دەربڕی و وتی" ئێمە سوورین بۆ بەهێزکردنی ئەم دیالۆگە".
بە پێی هەواڵەکانی میدیاکانی رۆژئاوا، لەسەر بنچینەی کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەی داهاتوو، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان( پەیەدە و ئەنەکەسە) تایبەت بە پێکهێنانی یەک شاند بۆ دیمەشق رادەگەیەندرێت و شاندەکە سەردانی دیمەشق دەکات.
لای خۆیەوە لە وەڵامی کۆبوونەوەکەدا، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، بەروین یوسف، کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد تەنیا وەڵامێک بوو بۆ پێداگری ئەنجومەن لەسەر کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.
هەروەها دووپاتیکردەوە کە پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) هیچ هەنگاوێک نانێت بەبێ ڕەزامەندی حزبەکانی یەکێتی نیشتمانی و حزب و هێزە کوردییەکانی تر، چ ئێستا بێت یان لە داهاتوودا "ئێمە بەبێ ڕاوێژ بە پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی نەچووینە ناو کۆبوونەوەکە، و بەبێ ئەوان ناگەینە ڕێککەوتن".