دەستەی کەشناسی عێراق لە ئەمشەوەوە پێشبینی نمەباران دەکات و ئاشکرای دەکات کە لە سبەینێەوە بارانبارین زیاتر دەبێت و دەشڵێت" بەهۆی چالاک بوونی خێرایی با تۆز و خۆڵ درووست دەبێت".
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق،لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "پێشبینی دەکرێت ئەمشەو نمەباران لە بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین ببارێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە دهۆک بارانی مامناوەند ببارێت و بەیانی و نیوەڕۆی چوارشەممە ئەگەری بارانبارین لە سلێمانیش هەیە، بەڵام کەمتر دەبێت".
جابری ئەوەشی روونکردەوە"پێشبینی دەکرێت ئێوارە و شەوی چوارشەممە نمەباران لە هەندێک ناوچەی شارەکانی باشووری وڵات ببارێت."
دەشڵێت" سبەی چوارشەممە ئەگەری چالاکبوونی با لە ناوچەکانی باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە دیالە، کەرکووک، سلێمانی و باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، بەڵام شەوانە کەمتر دەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممە چالاک دەبێتەوە."
عامر جابری ئەوەشی خستەڕوو "چالاکبوونی با دەبێتەهۆی تۆز و خۆڵ، ئەویش ئاستی بینین بۆ ٢ - ٤ کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بایەکە زیاتر چالاکە."