وەزارەتی دارایی هەرێم لە ئاگادارییەکدا ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت".
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی مانگی شووباتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و مووچەی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ و کرێی وانەبێژی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت".
دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت کە سەرجەمیان تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجدەکرێت.
شەوی ڕابردووش وەزارەتی دارایی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگای تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.