درەنگانی شەوی رابردوو لە سنووری قەزای شنگال شەڕ لە نێوان یەبەشە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا ڕوویدا و بەهۆیەوە چەند کەسێک لە نێوان هەردوولا برینداربوون.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" شەوی ڕابردوو یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) هەوڵیانداوە ئەندازیارێک دەستگربکەن کە تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نەزانراوە و کەسوکاری ئەندازیارەکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاگادار دەکەنەوە و دواتر هێزێکی سوپای عێراق دەچن بە دەمی ڕووداوەکە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان یەپەشە و هێزەکەی سوپادا ڕوودەدات".
سەرچاوەکەی (سپی) لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" دواتر هێزێکی پۆلیس و موخابەراتی عێراق بۆ پاڵپشتی دەچنە شنگال و شەڕەکە بەرفراون دەبێت، لە ئەنجامدا شەش کەس لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە یەکێکیان ئەفسەری سوپایە و کەسێکیشیان ئەفسەری پۆلیسە و کەسێکی دیکەشیان بەرپرسی دەزگا سیخوڕییەکانی عێراقە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە سەربازن بریندار دەبن، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی".
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، حەوت کەسی دیکەش لە یەپەشە بریندار دەبن، بەڵام بەوپێەی خۆیان بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە ناکەن لەلای خۆیان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
سەرچاوەکەی (سپی) ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات، هەروەها ناوبژی نێوان سوپای عێراق و یەپەشە لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراقەوە لە ناوچەی شنگال بەردەوامە و دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، هەرچەندە ژمارەیەک لە زرێپۆشی سوپای عێراق تائێستاش لەناو شنگالدا ماونەتە.