ڕۆیتەرز: دوای دەستگیرکردنی ڕکابەرەکەی ئەردۆغان نرخی لیرە دابەزینی تۆمارکرد

پاش دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ نرخی لیرەی تورکی نزمترین ئاستی مێژوویی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تۆمارکرد.

کەمێک پێش ئێستا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕکابەری سەرەکی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایان بە تۆمەتی گەندەڵی و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکرد، نرخی لیرەی تورکی دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد". 

ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاندووە" پێدەچێت ئەم هەنگاوەی دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ، سەرکوتکردنی یاسایی لەسەر کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سەرانسەری وڵاتدا کۆتایی پێبهێنێت کە وەک هەوڵێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان ڕەخنەی لێگیراوە". 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی لیرەی تورکیا لە خاڵێکدا بەڕێژەی ١٤.٥% دابەزیوە کە دەبوو گەورەترین دابەزینی یەک ڕۆژە بێت کە تۆمارکراوە، پێش ئەوەی بەشێک لەو زیانانە کەمبکاتەوە و نزیکەی ٧% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە ڕۆژەکەدا ٣٨.٧٥ دۆلار بووە کە هێشتا لە نزمترین ئاستیدایە.

ڕۆیتەرز باسی لەوەشکردووە، هەروەها نرخی قەرزە نێودەوڵەتییەکانی تورکیاش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بۆندەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێژەی ١.٥ سەنت دابەزی و بە ٨٥.١٣ دۆلارە کە گەورەترین دابەزینی یەک ڕۆژەیە لە ماوەی ئەمساڵدا. 



PM:12:04:19/03/2025