وەزیری دارایی، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و وتی" نابێت لە هیچ بانکێک کێشە بۆ هاوڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت".
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی قبوڵ ناکەن و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک ناکەن و رایگەیاند" نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت".
وتیشی" نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ،هتد.....) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە. ".
بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت. لەحاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر