دادگای فیدراڵی دوایین بریاری لەسەر تەوتینی مووچەی فەرمانبەران هەرێم راگەیاند

بریكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ دواین بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات، كە تیایدا جەخت لە بڕیاری پێشووی دەكات بۆ تەوتین كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەو بانكانەی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێ‌ دراوە و بەپێی ئەو ڕێكارانەی لە حكومەتی فیدڕاڵی بۆ تەوتین ئەنجام دراون.

هاوڕێ تۆفیق، بریكاریی یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵ بڵاوی كردووەتەوە" داوانامەی یاساییمان رێككەوتی ٢٠ی مانگی ١ لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دادبینی یەكەم و دووەم حوكمی لەلایەن دادگاكەوە بۆ دەرچووە بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەكەم: دادگای فیدراڵی تەوتینی مووچە داوا دەکات بە گوێرەی رێنوێنییەكانی بانکی ناوەندی و فەرمانبەران ئازاد بن لە هەڵبژاردنی بانکەکان و ئەمەش لە رێگای وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت.

دووەم: دووپاتی بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی کراوەتەوە لەسەر مووچە كە نابێت كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم ببنە هۆكاری خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەران.

بڵاوكردنەوەی ئەم دەقانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ لەكاتێكدایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من” بەردەوامە لە بەبانكی كردنی مووچەی مووچەخۆران.




PM:09:57:19/03/2025