گەنجێک لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە کوردستان، پێنج ئەندامی خێزانەکەی و خۆی دەکوژێت

درەنگانی شەوی ڕابردو، کەسیک لە گوندێکی قەزای سەیدسادق، پێنج ئەندامی خێزانەکەی و خۆیشی کوشت.

درەنگانی شەوی ڕابردو، نزیک کاتژمێر ١٢ لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق، لە ڕوداوێکی تەقەکردندا شەش ئەندامی یەک خێزان کوژران کە پێکهاتون لە دوو برا دوو خوشک و دایک و باوکیان.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە سپی ڕاگەیاند « یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە کوڕێکی تەمەن ٢٢ ساڵە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە وڵاتی بەریتانیا گەڕاوەتەوە و دوای دروستبونی دەمەقاڵە لەگەڵ باوکی هەستاوە بە ئەنجامدانی تاوانەکە و پێنج ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشتوە و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.»

دوای ڕەوانەکردنی تەرمەکانیان بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی شەش کوژراوەکە لە گوندی گرێزە لە قەزای سەیدسادق لە تەنیشتی یەکەوە بەخاک سپێردران.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی  « لێکۆڵینەوەکان لە ڕوداوەکە بەردەوامە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ڕوداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بوە و بکوژ کێشەی دەرونی هەبووە".
«سپی » هەندێک زانیاری نا فەرمی دەستکەوتە کە بکوژەکە وەک گەنجێکی توندڕەوی ئیسلامی هەڵسوکەوتی کردووە، ئەمەش لەلایەن باوکیەوە قبوڵ نەکراوەو بۆتە مایەی دەمەقاڵێیان و ڕووداوەکەی لێکەتۆتەوە.




AM:09:19:20/03/2025