لە تورکیا دژی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ خۆپیشاندان لە چەند شارێکی گەورە بەردەوامە

لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیا، خۆپیشاندان لە دژی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەردەوامە، سەرۆکی جەهەپەش هۆکاری بە ئامانجگرتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ئاشکرا دەکات..

سەرەڕای رێگرییەکان و قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی شەوی رابردوو، هەزاران کەس لەلایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری –جەهەپە- خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجام دا..

هەروەها سەدان خۆپیشاندەریش لەبەردەم ئەو بنکەی پۆلیسەدا، گرد بونەوە کە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵی تێدا دەست بەسەرکراوە و دروشمیان دژی پارتی داد و گەشەپێدان بەرز کردەوە..

هاوکات لەبەردەم بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئیستەنبوڵ، گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دراو لە وتەیەکیشدا لەبەردەم خۆپیشاندەراندا، ئۆزگور ئوزەل سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند" ئەردۆغان لە ترسی شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کردوەتە ئامانج.."

جگە لە ئیستەنبوڵ، لە شارەکانی ئەنقەرە و مۆغلا و چەند شارێکی دیکەی تورکیا، خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ بەردەوامە




AM:10:23:20/03/2025