شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" ناجێگیری کەشوهەوا تا سبەی هەینی بەردەوام دەبێت و لە شەودا کەش سەقامگیر دەبێتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج پێشبینییەکانی کەشوهەوای یەکەم ڕۆژی بەهار و جەژنی نەورۆزی ڕاگەیاند و دەڵێت" ناجێگیری کەشوهەوا لەسەر بەشێکی ناوچەکانمان تا سبەی هەینی بەردەوامی دەبێت و لە کاتەکانی سبەی شەودا کەش لە سەرجەم ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە".
ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتە جیاوازەکانی ئەمڕۆ و بە تایبەت سبەی ناوبەناو ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی رێژە جیاجیا دەبێت لە هەریەکە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پاڕێزگای هەڵەبجە و بە تایبەتیش سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی ئەگەری تاوی بەخوڕی تەرزە و بارانیش دەبێت.
ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، لە ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین و پارێزگای هەولێر و دهۆک و کەرکوک زۆربەی کاتەکان کەش سەقامگیر دەبێت هەندێک کاتیش ئاسمان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارانێکی کەم و کورتخایان.
لە کۆتاییدا ئاراس جەبار باسی لەوەکردووە، کاریگەری بارستە هەوا ساردەکەی دەریای ناوەراست زیاتر دەبێت بەهۆیەوە سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرمی (٤ تا ٥) پلە نزمتر دەبێتەوە، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (١٠ - ٢٥)کم لە هەر کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی ڕووەو باشور و باشوری رۆژئاوا دەبێت.
رێژەی بارانی پێشبینیکراو بۆ سبەی بەمشێوەدەبێت:
پارێزگای سلێمانی ١٠ - ٢٥ ملم
پارێزگای هەڵەبجە ١٠ - ٢٠ ملم
پارێزگای کەرکوک ٠ - ٠.٥ ملم
پارێزگای هەولێر ٠ - ٠.٥ ملم
پارێزگای دهۆک ٠ - ٠.٥ ملم
ئیدارەی راپەرین ١ - ٣ ملم
ئیدارەی سۆران ٢ - ٥ ملم
ئیدارەی گەرمیان ٢ - ١٥ ملم