"ئەو کۆنگرەیەی ئاپۆی تێدا ئامادە نەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات"

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایدەگەیەنێت" ئەو کۆنگرەیەی ئۆجەلانی تێدا ئامادە نەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات". 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە له‌ میانی بەشداریكردنی له‌ بەرنامەیەکی تایبەت لە تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر، ڕایگه‌یاند" ئەم نەورۆزە چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری نەورۆزەوە دەچن، ڕێبەر ئاپۆ ناوی بەبەری ئەم نەورۆزەدا کرد، نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لەم کاتەدا بانگەوازێکی وەهای کرد، قۆناغەکەی وەها پێناسەکرد، گەلەکەمان دەڵێت، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادی ئاپۆیە، ئەم نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت". 

سەبارەت بە داوا و دروشمەکانی بەشداربووانی ئەم نەورۆزە کاڵکان دەڵێت" هەمووان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان دەوێت، بەم نەورۆز دەڵێن نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ بڕەخسێت، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دەربچێت".

لە درێژەدا وتیشی" بە هیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەم بناغەیە کوردستان ئازاد دەبێت، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەبن، لە جیهاندا مرۆڤایەتی دەگەنە ئاستێکی بەرزتر لە دیموکراسی و ئازادی، ئێمە بۆ ئەمە تێدەکۆشین و دەژین، لەسەر ئەم بناغەیە، ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دۆستان بانگهێشت دەکەین کە زیاتر ڕووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، بە دەنگێکی بڵندتر داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەن".

ڕاشیگەیاند" ئەگەر کۆنگرە بکرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان تاوتوێ بکرێت، ئەمە تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، کەسی تر ناتوانێت بیکات، نابێت هیوا بە کەسی تردا هەڵبواسرێت، پێش بانگەوازەکەش، دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆش هەڵوێستی ئێمەیان دەزانی، ئێمە بۆ ڕای گشتیشمان ئاشکرا کرد، پەکەکە وەڵامی دایەوە، ئەتمۆسفێرێکی ئەرێنی پێکهات، لای ئێمە هەندێک شت کرا، بەڵام لە لایەنی بەرامبەرەوە هیچ نەکرا، هێشتاش دەڵێن با پەکەکە فڵان شت بکات".

دوران کاڵکان وتیشی" سەرەڕای بانگەوازەکە و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگیراوەتە بەر، ڕەوشی ئیمراڵی نەگۆڕاوە، سیستەمی پێشوو وەک خۆی بەردەوامە، لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێک نانرێت". 

هەروەها کاڵکان لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لە پرۆسەی ئاگربەست کرد و ئاماژەی بەوەکرد دوای بانگەوازییەکەی ئۆجەلان وەک پەکەکە گفتوگۆی بابەتەکەیان کردووە، جەختی لەوەکردەوە بۆ بابەتی چەکدانان تەنها دەتوانرێت لە کۆنگرەدا بڕیاری ئەوە بدرێت و دەبێت ئەو کۆنگرەیە لە لایەن خودی ئۆجەلانەوە بەڕێوەببرێت.



PM:01:52:20/03/2025