"پشتیوانی پرۆسەی ئاشتین و هیوادارین لە سوریاش کۆتایی بە ئازارەكانی كورد بێت"

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هیوای خۆی دەربڕی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی کورد لە سوریا. 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە"  بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕەوەندی كوردی و لەو ملیۆنان كوردە دەکەم كە بە هەستێكی بەرزەوە دوور لە خاكی نیشتیمانتان جەژنی نەورۆز بە بەرزی ڕادەگرن و بەهاكانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەكەنەوە". 

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، بە شانازییەوە کولتووری پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتی دووپاتدەکەینەوە کە خەڵکی کوردستان هەڵیگرتووە، لەم ڕوانگەیەشەوە پشتیوانی خۆمان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە تورکیا دوپاتدەکەینەوە، و پێمانوایە ئاشتی تاکە ڕێگەی دروستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

سەرۆکی پارتی هیواش دەخوازێت کۆتایی بە  ئازارەکانی گەلی کورد لە سوریا بێت، لە ڕێگەی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و گرتنەبەری شێوازی ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سوریا، دەگاتە ئەنجامێک کە خزمەت بە هەمووان بکات. 

دەقی پەیامەکە: 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ڕۆشنایی و ئازادیە. نەورۆز واتای ژیانێكی تازە و موژدەی سەركەوتنی ڕووناكی بەسەر تاریكی و زوڵمدا دەدات. بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم چینوتوێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە مێژوو و كولتوور و دابونەریتیان.

لێرەدا دەمەوێ بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕەوەندی كوردی و لەو ملیۆنان كوردە بكەم كە بە هەستێكی بەرزەوە دوور لە خاكی نیشتیمانتان جەژنی نەورۆز بە بەرزی ڕادەگرن و بەهاكانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاو دەكەنەوە. پێیان دەڵێم كە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان و خۆشی و جەژنەكانتان درێژكراوەی خۆشی و جەژنەكانی ئێمەیە. جێگەی شانازییە كە دەبینین دەستلەناودەست و بە یەكدڵی لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شكۆ بەرز دەكەنەوە. زۆر خۆشحاڵم كە لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا لە مەراسیمێكی گەورەدا خۆشەویستی و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەكەتان دووپات دەكەنەوە، ئێوە دەنگ و ڕەنگی گەلەكەتانن و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.

لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بە شانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان دەكەینەوە. هەر لەو سۆنگەیشەوە پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیاین و ئاشتی بە تاكە ڕێگەی ڕاست و دروستی تێپەڕاندنی كێشەكان دەزانین. هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن كۆتایی بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بێت و كورد بە هەڵوێستێكی هاوبەش و بە ڕێكاری ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەكانی تری سووریا بگەنە ئەنجامێك كە لە خزمەتی هەموو لایەكدا بێت.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكانیان لە كامەرانی و بەختەوەری بەڕێ بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە كەشێكی ئاشتیانە و برایەتیدا بژیین.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.

مەسعود بارزانی

٣٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی كوردی

٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥ی زایینی



PM:03:07:20/03/2025