" سپی " وردەکاری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت بڵاودەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و دواتر لیژنەی باڵای دانوستانی هەردوو کە هۆشیار زێباری و قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکەن لەسەر چەند پرسێکی بنەڕەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت رێککەوتوون. ماڵپەڕی ( سپی ) وردەکاری ئەو رێککەوتنە بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە، لە کۆبوونەوەی ١٤ ی ئازاری نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هەردوولا لەسەر هەندێک پرس رێککەوتوون، لە نێوایاندا لەسەر بابەتی زیادکردنی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆک وەزیران کە یەکێتی رێککەوتن و زیاد دەکرێت، هەروەها دەبێت وەزیرەکان و وەکیل وەزیر و پارێزگار و ئیدارەی سەربەخۆ و قائیمقامەکان دەسەڵاتیان بۆ شۆڕبکرێتەوە و دەسەڵاتیان پێبدرێت و وەک پێشوو لە رێگای راوێژکارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنەوە دەسەڵاتەکانیان بەسەردا نەسەپێنرێت.

لە درێژەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەردوولا کراوە، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەمێنێتەوە، تەنها یەک جێگریشی دەبێت کە تا ئێستا لە ناو یەکێتیدا چاو لەسەر شێخ جەعفەر مستەفایەو، لەلایەن پارتیشەوە لاری لەسەر ناوبراو نییە.

سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، هەروەها قوباد تاڵەبانیش وەک جێگری سەرۆکی حکومەت لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت، تا ئێستا یەکێتی لەسەر کەس لەناو کاندیدە دەرچووەکانیدا یەکلایی نەبۆتەوە.

دەربارەی دابەشکردنی وەزارەتەکان، لە رۆژانی داهاتوودا لە نێوان هەردوولادا یەکلایی دەکرێتەوە.

لە بارەی ئەو ولایەنانەی بەشداری کابینەی نوێ دەکەن، پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحیەکان بەشدار دەبن و پێشبینی دەکرێت پارتی لە پشکی خۆی لە وەزارەتەکان پۆستیان پێبدات، سۆسیالیستیش یەکێکە لەو حزبانەی بەشداری کابینە دەکات، بەلآم تا ئێستا دیار نییە چ پۆستێک وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو حزبە چاوی لەسەر وەزارەتی شەهیدانە. 





PM:08:17:20/03/2025