فەرماندەی گشتی هەسەدە لە پەیامێكی پیرۆزبایدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە، داوای یەکگرتووی زیاتری هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوای و پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە دەکات.
مەزڵوم عەبدی لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X پیرۆزبایی لە گەلی كورد لە رۆژئاوا لە سوریاو جیهان دەكات بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە.
دەشڵێت " لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی شەڕڤانانی هەسەدە، ئاسایشی ناوخۆ و كارمەندانی بەڕێوەبەریی خۆسەریی و كەسوكاری شەهیدان دەكەین."
لە درێژەی پۆستەکەیدا فەرماندەی گشتی هەسەدە داوا دەکات، ئەم نەورۆزە ببێتە سیمبولی یەكگرتویی هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان، هەروەها هەموو پێكهاتەكانی سوریا بە عەرەب، كورد، سریانی، توركمان، ئاشوری و ئەرمەنەوە کە دەستكەوتەكانیان دەپارێزن و پێگەی خۆیان لە سوریای نوێدا مسۆگەر دەكەن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی سێ مانگە میلیشیاکانی سوپای سوریای ئازاد بە پشتیگیری پاڵپشتی ئاسمانی و تۆپی تورکیا هێرشدەکەنە سەر بەنداوی تشرین لە نزیک کۆبانێ و تا ئێستا نەیانتوانیووە پێشڕەوی بکەن.