وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی دەکات و دەڵێت" هیوادارم خەونەکانتان وەک گوڵی بەهار گوڵ بکەن".
گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕیX پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند "بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین سڵاو و پیرۆزباییتان لێدەکەم، نەورۆز هێمای سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا، هاتنی بەهار و ڕۆحی هیوایە".
هەروەها دەشڵێت " ئیسرائیل بەگرنگیەوە سەیری بەرخۆدان و هێزی گەلی کورد دەکات. فیداکاریتان بۆ پاراستنی شوناس و کولتووری ئێوە ئیلهامبەخشە".
گیدۆن سار کە بە دۆستێکی جدی کورد دادەنرێت، لە دوا بڕگەی پیرۆزباییەکەیدا دەڵێت" لەهەموو شتێک زیاتر هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە هۆی ئارامی، ئاسایش و سەقامگیری و هیوادارم خەونەکانتان وەک گوڵی بەهار گوڵ بکەن، دیسان نەورۆزتان پیرۆز بێت."