لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی گەورە لە شاری ورمێ سێ کچ لەبەرئەوەی بەرگی کوردیان بە ئاڵای کوردستانەوە پۆشیبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران.
ماڵپەڕی رێکخرای هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویانکردەوە" ساریا ئەحمەدی و ئەوین ئەحمەدی، دوو خوشکی ژێر ۱۸ ساڵ و ڕۆژبین ئەفسوون، سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارە، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە نەخشی ئاڵای کوردستانەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران".
ماڵپەڕی هەنگاو ئاشکرای دەکات، کاتژمێر ۱ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ ی ئازار هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی عیسمەت ئەحمەدی و دوو کچی مێرمنداڵی ناوبراو بەناوەکانی ئەوین ئەحمەدی تەمەن ١٦ ساڵ و ساریا ئەحمەدی تەمەن ۱۷ ساڵیان بەزۆر و بەلێدان و ئازاردان راپێچی زیندان دەکەن.
" ١٦ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەحمەدی و وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کچە مێرمنداڵە، عیسمەت ئەحمەدی بە سەختی لە لایەن ئەو هێزانەوە لێی دراوە و لە هۆش چووە."( ماڵپەڕی هەنگاو وا دەڵێت ).
بەیانی هەمان ڕۆژ، ڕۆژبین ئەفسوون هاووڵاتیی تەمەن ۲۲ ساڵ و پورزای ساریا و ئەوین لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
هاتووشە، ساریا و ئەوین ئەحمەدی پاش ۱۷ کاتژمێر دەستبەسەربوون، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشە،لە دوای وەرگرتنی بەڵێننامە و واژۆ لە باوکیان ئازاد کراون. بەڵام زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ڕۆژبین ئەفسوون لەبەر دەستدا نییە.
رۆژی سێ شەممە ١٩ ی ئازار بە بەشداریی زیاتر لە ۱۵۰ هەزار هاووڵاتی بە بەرگی کوردیەوە جەژنی نەورۆزیان لە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد.