هەسەدە: لە ئۆپەراسیۆنێكدا پێگەیەکی بەکرێگیراوانی تورکیامان لەناوبرد

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند"سەرباری بەڕێوەچونی کارچالاکییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەردەوامبون لە هێرشەکانیان". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی کردەوە"دوێنێ لە میحوەری بەنداوی تشرین، تورکیا بە تۆپی قورس، دەورووبەری بەنداوەکە و لادێكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبەجیان بۆردومان کردووە". 

ئاماژەی بەوەش کردووە" شەڕڤانانیان هەوڵێكی بەکرێگیراوەکانی تورکیایان پووچەڵ کردووەتەوە و توانیوشیانە ئۆتۆمبێلێكیشیان لەناوببەن، دەشڵێت"تورکیا لەکاتەکانی دوانیوەڕۆدا، دەستی بە تۆپبارانکردنی بەنداوی تشرین کردووە".

باسی لەوەش کردووە"لە بەرەی دێرحافەر، کە لە گوندی ئیمامەوە دەست پێدەکات، تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەسێ فڕۆکەی خۆکوژی هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان". 

ئەوەشی خستووەتەڕوو" لە بەرەی قەرەقۆزاق، شەڕڤانانی هەسەدە، هەوڵێکی بەکرێگیراوەکانیان بۆ سەر میحوەری ڕۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق پووچەڵ کردووەتەوە و بە ئۆپەراسیۆنێک وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە، کە تێیدا یەکێک لە پێگه‌كانی بەکرێگیراوەکان لەناوبرا و ڕادەی ئەو زیانانەشی کە توشی بون نەزانراوە".




PM:01:48:22/03/2025