ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە نێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر کێشەی زەوی و زار دەبێتە شەڕ و لە ئەنجامدا سێ کەس دەکوژرێن و دوو کەسی دیکەش بریندار دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە گوندی قاسم بەگزادە کە سەر بە ناحییەی سەنگاوە و سەر بەهۆزی هەمەوەندن لە نێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر کێشەیەکی کۆنی زەوی دەبێتە شەڕ و لە ئەنجامدا سێ کەس دەکوژرێن و دوو کەسی دیکەش برینداردەبن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، کوژراوەکان دوانیان لە بنەماڵەیەکن بە ناوی (ساڵح شەریف هەمەوەندی و عەبدوڵڵا شەریف هەمەوەندی)، هەروەها کوژراوەکەی دیکەش لە بنەماڵەکەی ترە کە ناوی (هێمن محەمەد سلێمانە).
(سپی) زانیویەتی، کێشەی هەردوولا بۆ ماوەیەکی پێشووتر دەگەڕێتەوە کە لەسەر زەوی لە نێوان هەردوو بنەماڵەدا ڕوویداوە.
لە ئێستادا بریندارەکان و کوژراوەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ و هێزە ئەمنییەکانیش گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە.