١١ هاوڵاتی کورد لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە هەریەک لە شاکار عومەر زادە تەمەن ١٠ ساڵ، بڕیار محەمەدیانی تەمەن ١٤ ساڵ، ئارام ئاڵی، کەماڵ قازانی، رحیم قادری، کامران غەزاڵی، عوسمان عومەرنەژاد، شێرزاد شێخی، بێهزاد مەسلەحەت، بێهروز هەمزەپور و محەممەد حوسێنپوور، خەڵکی گوندی دۆڵەگەرم سەر بە شاری سەردەست لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هاوڵاتییان لە یەکەم ڕۆژی خاکەلێوە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی و تا کۆتایی دانیشتنی دادگا لە بەندیخانە ئازاد کراون.
ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، هاوڵاتییەکی ژن بە ناوی عەزیز حوسەینپوور یەکێک لە دایکانی دادخوازی کوردستان کە ئاگری نەورۆزی لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆزدا هەڵکردبوو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
هەنگاو دەشڵێت" لە دوای دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییانە مۆبایلی کەماڵ قازیانی و محەممەد حوسێنپوور تا ئێستا ڕادەستیان نەکراوەتەوە، هەروەها دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییانە لە دوای بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی پێشوازی نەورۆز و ساڵی نوێ لە گوندی دۆڵەگەرمی سەردەشت و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بووە".
ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی دۆڵەگەرمی سەردەشت لە دوای گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بەمەبەستی رێگریکردن، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە بەشداری بەرچاوی هاوڵاتییان بەڕێوەچوو.