سودانی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵ خەرجبکرێت. 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە میدیای نزیک پارتی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانیکردووە سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێش جەژن مووچەکانیان وەربگرن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواوکراوە و رۆژانی هەینی و شەممەش کە پشوو بووە کاریان لەسەر کردووە، بڕیارە سبەینێیش لیستەکە ئاراستەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بکرێت و بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچە بدات. 

میدیای پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێش پێش جەژنی ڕەمەزان سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچە وەردەگرن.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە و دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا.

هەروەها ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەلایەن تیمی تەکنیکی دارایی هەرێمەوە لیستی مووچەی مانگی ئادار رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە. 



PM:09:20:22/03/2025