دوای ڕووداوەکەی سنوری چەمچەماڵ لە بەردەڕەشیش شەڕە و پێنج کەس بریندارن

پاش هەندێک ڕووداوی تەقەکردن لە سنوری پارێزگای هەولێر و سەیدسادق و كەركوك و قەزای چەمچەماڵ، کەمێک پێش ئێستاش حاڵەتێکی دیکەی تەقەکردن لە گوندێکی قەزای بەردەڕەش ڕوویدا و پێنج کەس برینداربوون. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمشەو شەممە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥ لە گوندى گومەزەردى سەر بە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک شەرەتەقە لە نێوان دوو بنەماڵدا دروستبوو.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکە پێنج کەس برینداربوون و لە ئێستادا دوو کەس لە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی فریاکەوتنی قەزای ئاکرێ کراون کە یەکێکیان بە گولـلە بریندارکراوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆش لە گوندی قاسم بەگزادەی سەر بە ناحییەی سەنگاو لەسەر کێشەی زەوی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها شەوی ڕابردووش لە گوندی قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵە شەش کەس کوژران و دوانی دیکەش برینداربوون. 

هەفتەی ڕابردووش لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، زاوایەك دەستڕێژی گولەی لە ماڵی خەزورانی کرد و هەریەك لە (هاوسەر، خەزور، خەسوو، خوشكی) هاوسەرەکەی خۆی کوشت. 

شەوی ١٩ی ئەم مانگەش لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق، لە ڕوداوێکی تەقەکردندا گەنجێک دوای گەڕانەوەی لە بەریتانیا  پێنج ئەندامی خێزانەکەی کە پێکهاتبوون لە (دایک و باوک و دوو خوشک و برایەکی) کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا. 



PM:09:59:22/03/2025