وێنەی شوێنی ناشتنی قوربانییەکانی گوندی گرێزە کە هەفتەی ڕابردوو بە دەستی کوڕەکەیان کوژران
كەسوكاری خێزانەكەی گوندی گرێزە لەسەر ڕاستی ڕووداوەکە ڕوونکردنبەوەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێن" پێشتر هەستمانکردووە کە کوڕەکەمان باری دەروونی تەواو نەبووە". دەشڵێن" ئاگاداری دۆخی کوڕەکەمان نەبووین".
كەسوكاری ئەو خێزانەی كە هەفتەی ڕابردوو لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لەلایەن کوڕەکەیانەوە کوژران، ئەمشەو شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندا ڕایانگەیاند" ئێمە دڵگران و خەمباربووین بە ڕووداوی ئەو کارەساتە و شۆک بووین، بەڵام بەداخەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دووجار خەمباریان کردین بەهۆی ئەو هەواڵە ناراستانەی لە شەوی ڕووداوەکە بڵاویانکردووەتەوە، لێرەوە سەرلەبەری ئەو لێدوانانە ڕەتدەکەینەوە".
دەشڵێن" ڕاستی ڕووداوەکە بەمشێوە بووە کوڕەکەی ئێمە ماوەی شەش ساڵە لە ئەوروپا دەژی هیچ کێشەیەکی نەبووە و کوڕێکی دیندار و بووە و وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی سەردانی مزگەوتی کردووە".
کەسوکاری ئەو خێزانە کوژراوە ڕاشیانگەیاند" ماوەیەک پێش ئێستا وەک ئەوەی هەستی پێکرابوو باری دەروونی کوڕەکەمان تێکچوو بوو دواتر ئەم کارەساتەی لێکەوتۆتەوە و بەپێی ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژ بوو سەردانی کوردستانی کردبوو سەرقاڵی حاجی سالار بووین بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەری بۆ کرابوو، ئێمە زۆر ئاگاداری دۆخی کوڕەکەمان نەبووین تا بەدەمییەوە بچین و دواتر ئەم کارەساتە نەخوازراوەی لێکەوتووەتەوە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، ماڵی حاجی سالار نزیکی هەشت بۆ نۆ کامێرای چاودێری تێدا بووە و لە کامێرای چاودێرییەکانەوە دەرکەوتووە کوڕەکەمان تاوانەکەی ئەنجامداوە.
درەنگانی شەوی ١٩ی ئەم مانگە گەنجێكی تەمەن ٢٦ ساڵان لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق هەریەک لە (دایك و باوك و دوو خوشكی و برایەكی كوشت) و دواتر هەر لە شوێنی ڕووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا.
لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە