"لەم هەفتەیەدا کێشەی نەوتی هەرێم کۆتایی دێت"

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەم ھەفتەیەدا کێشەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کۆتایی پێدێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی دەکرێت". 

سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە" کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو له‌گه‌ڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق قسه‌مان له‌باره‌ی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان کرد". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و له‌ خاڵی یەکەم، قه‌سه‌یان لەبارەی ١٦ دۆلاری کۆمپانیا نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بۆ ھەر بەرمیلێک ١٦ دۆلار کێشەی لەسەرە ئەویش پێویستە گەرەنتی ھەبێت مانگانە بۆیان خەرجبکرێت.

سوبحی باسی لەوەشکردووە، خاڵی دووەم، ئەو قەرزەی ھەیە چارەسەر بکرێت و پرسی دانانی ڕێژەی ھەناردەی نەوت ئەویش دیاریبکرێت و لەگەڵ تورکیاش ئەوە چارەسەر کراوە، به‌ڵام ئەوەی ئێستا کێشەی لەسەرە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ چەندی پێویستە بۆ بەکار ھێنانی ناوخۆی و  پێشتر ژمارەیەکیان حیسابکردبوو دەیه‌وێت زیاد بکرێت، بەھۆی زیادبوونی پێداویستی ناوخۆی بۆ ئۆتۆمبێل و کارەبا و کارگەكان. 

ڕاشیگەیاند" گفتووگۆ بەردەوامە لە نێوان شاندی ھەرێم و عێراق و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ئەنجامی کۆتایی و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە، چونکە وڵاتە زلھێزەکان زۆر سوورن لەسەر ئەوەی دەستپێبکاتەوە بە تایبەت ئەمریکا و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ڕێککەوتن". 



AM:12:01:23/03/2025